شاعیر: وەفایی
کتێب: دیوانی وەفایی
سەرناو: ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە

ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە
لوتفت هەبێ ڕوو وا بکە مەقسوودی مە، دینە

بەو جێگە بوویتە شەرەف و قورب و مەقامت
لوتفت ببێ بمبەخشە وەرە جورمێ مەبینە

دەرمان مەکە، هاتوومە حەکیمی هەموو دەردان! 
دەرمان بکە جەرگم کە هەموو کۆنەبرینە

عومرێکە دەناڵم بە ئومێدی گوڵی زارت
جارێکی بفەرموو کە چ هاوارە؟ چ شینە؟ 

فەڕزەن هەموو دونیا من و عومری خزرم بوو
بێ جەننەتی ڕووی تۆ چ حەیاتێکە؟ چ ژینە؟ 

ئیحسانی گوڵ و خاکی دەری پاکی لە چاودا
بۆیێکە فەلەک تا هەیە چاوی لە زەمینە

ڕەوشەن بکە چاوم بە کلی خاکی دەری خۆت
بەو عیززەتە فەرشی قەدەمت عەرشی بەرینە

زولفت لە دوولا شاد و گوشادن بە جەماڵت
کوا ئەهلی شیمالی؟ هەموو ئەسحابی یەمینە

مەوقووفی نیگاهێکە بفەرموو بە تەڕەححوم
ژەنگاوییە ئاوی نییە ئاوێنەیی سینە

پابەندی ئیشارێکە دەری کە لە دەروونم
خودبینی و بوخل و حەسەد و نیخوەت و کینە

بەو خاڵ و خەت و سووڕەتی گیسووی هەتە حەقیە
مانی کە پەرێشانی سەنەمخانەیی چینە

نایدەم بە هەموو دەوڵەتی دنیا و قیامەت
جارێ بە وەفایی کە بڵێ کەلبی ئەمینە